ئاران ئەمینی
توێژەری پۆست دکتۆرا لە زانستی کۆمپیوتەردا، زانکۆی لۆمان، فەڕەنسا
aran@jiridastkrd.com
پوختە:
لەم وتارەدا سەرەتا باس لە پێواژۆی زمانی سروشتی دەکەین، لقێکی ژیریی دەستکرد و زانستی کۆمپیوتەر کە ئامانجی ئەوەیە هەلی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ماشین لە ڕێگەی زمانەوە بخوڵقێنێت. هەروەها پێناسەیەک لەو سیستمە سەرەکییانە دەخەینە ڕوو کە بۆ پۆلێنکردنی زمانەکان لە بواری ژیریی دەستکرددا یارمەتیدەرن. پاشان پێنج پۆلی سەرەکیی زمانەکانی جیهان لە دنیای دیجیتاڵ و بە تایبەت ژیریی دەستکرددا باس دەکەین کە ئەوانیش بریتین لە پۆلەکانی: نائامادە، سەرهەڵدان، هەڵکشان، زیندوو و پێشەنگ. بۆ هەرکام لە زارەکانی کوردی دیاری دەکەین کە دەکەوێتە کام پۆلی زمانەکان لە دنیای دیجیتاڵدا. دواتر پێداچوونەوەیەک بۆ هەوڵە بەرچاوەکانی توێژینەوە و پەرەدانی زمانی کوردی لە بواری ژیریی دەستکرددا دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش سێ پۆلی سەرچاوەکانی زمان، ئامرازەکان و سیستمەکان بەسەر دەکەینەوە. ئەوجار باس لە بۆشاییە بەرچاوەکانی ئێستای توێژینەوەی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی دەکەین. لە کۆتاییدا شرۆڤەیەکی وردتری سەرچاوە پێویستەکانی ژیریی دەستکرد دەکەین و دیاری دەکەین کە زمانی کوردی لە ڕووی کام چەشنی سەرچاوە گرفتی هەیە.
وشە سەرەکییەکان: زمانی کوردی، ژیریی دەستکرد، پێواژۆی زمانی سروشتی، سەرچاوەی زمانی
١. پێواژۆی زمانی سروشتی
وشەی ژیریی دەستکرد بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٥٦، لەلایەن زانستوانی کۆمپیوتەر جۆن مەک کارتی، لە وۆرکشۆپێکی هاوینەدا لە کۆلێژی دارتمۆس پێشنیار کرا (Russel and Norvig, 2010). ئامانجی وۆرکشۆپەکە دانانی چوارچێوەیەک بوو بۆ پەرەدانی ژیریی دەستکرد و بەخشینی ئەو تواناییە بە کۆمپیوتەرەکان کە بتوانن هاوشێوەی مرۆڤ ئەو کارانە ڕاپەڕێنن کە پێویستییان بە تواناییەکی بەرزی ناسینی وەک تێگەیشتن، بەڵگاندن و چارەسەری پرس، زمان و داهێنەری هەیە. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە تا ئەم دواییانەش مرۆڤی لە سەرجەم بوونەوەران و ئامرازەکان جیا دەکردەوە، توانایی قسەکردن و تێگەیشتن لە زمان بوو. هەر بۆیە، بەشێکی سەرەکیی ژیریی دەستکرد لەسەر بەخشینی تواناییە زمانییەکان بە کۆمپیوتەر و ماشینەکان چڕ بووەتەوە. ئەو لقەی ژیریی دەستکرد کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ماشین لە ڕێگەی زمانەوە بەدی بهێنێت، پێی دەگوترێت: پێواژۆی زمانی سروشتی (Jurafsky and Martin, 2009). پێواژۆی زمانی سروشتی لە فراژۆبوونێکی مێژووییدا شوێنێکی تایبەت لە ژیریی دەستکرددا دەگرێت. پێگەی ئەم بوارە لە بیچمی 1دا پیشان دراوە. هەروەک لە بیچمەکەدا دەبینن پێواژۆی زمان بەشێکی گەورە لە ژیریی دەستکرد پێکدەهێنت. ئەو پێگەیە لە ژیریی دەستکردی ئێستا زۆر بەرچاوترە کە پشت بە فێربوونی ماشین دەبەستێت، واتا ماشینێک کە توانایی فێربوونی هەیە. بە هەمان شێوە لە قۆناغە جیاجیاکانی پێشووی ژیریی دەستکردیشدا کە فێربوونی ماشین کەمتر پێش کەوتبوو و پشت بە سیستمەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێسا دەبەسترا، پێواژۆی زمان پاوانێکی گەورەی داگیر کردبوو. ئەم بوارە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی زانستی کۆمپیوتەر وەک تیۆریی زمانی فۆرماڵ و هەروەها لەگەڵ تیۆریی زانیاری، پێواژۆی سیگناڵ و زمانناسیش تا ڕادەیەک تێکەڵاوی هەیە. لە لایەکی دیکەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر زانستەکانی دیکە وەک زانستی ناسینی و تەنانەت فەلسەفەی زەین هەیە. بەم پێیە پێواژۆی زمان بوارێکی نێوان-لقی یان فرەلقییە کە ئامانجی ئەوەیە پەیوەندیی نێوان کۆمپیوتەر و مرۆڤ لەڕێگەی زمانەوە بەدی بهێنێت.
بیچمی ١. پێواژۆی زمانی سروشتی
پاش دیاریکردنی پێگەی بواری پێواژۆی زمان، تۆزێک بەناو خودی بوارەکەدا شۆڕ دەبینەوە و چەند دانە لە تەکنۆلۆژییە سەرەکییەکان باس دەکەین کە پڕۆژەی سەرەکیی توێژەران لەم بوارەدا بوون و هەن.
ئا. وەرگێڕانی ماشین: مەبەست تەکنۆلۆژییەکە کە دەقی زمانێک وەربگێڕێت بۆ سەر دەقی زمانێکی تر. شێوە پێشکەوتووەکەی وەرگێڕانی دەنگە کە دەنگی زمانێک وەردەگێڕدرێت بۆ سەر دەق یان دەنگی زمانێکی تر.
ب. بەرهەمهێنانی زمان: مەبەست ئەوەیە کە کۆمپیوتەر بتوانێت زمانی سروشتی بە شێوەی نووسراو یان ئاخاوتن بەرهەم بهێنێت، واتا بنووسێت یان قسە بکات.
پ. ناسینەوەی ئاخاوتن: مەبەست لە ناسینەوەی ئاخاوتن ئەوەیە کە کۆمپیوتەر بتوانێت دەنگی مرۆڤ بکات بە نووسین.
ت. بەرهەمهێنانی ئاخاوتن: مەبەست لە بەرهەمهێنانی ئاخاوتن ئەوەیە کە کۆمپیوتەر بتوانێت هاوشێوەی مرۆڤ دەقی زمانی سروشتی بخوێنێتەوە.
جگە لەو چەند تەکنۆلۆژییەی ئاماژەمان پێ کردن، سەدان ئامراز و دەیان تەکنۆلۆژیی دیکەش لە بواری پێواژۆی زمانی سرووشتیدا هەن. بەڵام هۆکاری ئاماژەکردن بەو چەند تەکنۆلۆژییە سەرەکییە ئەوەیە کە پۆلێنبەندیی زمانەکان لە جیهانی دیجیتاڵدا زۆرتر گرێدراوی بوون و نەبوونی ئەو چەند تەکنۆلۆژییە سەرەکییەیە و ئامانجی ئێمەش لەم وتارەدا دیاریکردنی پێگەی هەنووکەی زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرددایە.
٢. پۆلێنبەندیی زمانەکانی جیهان بەپێی دۆخیان لە ژیریی دەستکرددا
لە سەرانسەری جیهاندا سەرووی حەوت هەزار زمان و شێوە زمان قسەیان پێ دەکرێت. ئەو زمانانەی کە ئاخێوەریان زۆرە و لە پێگەی فەرمیبوون بەهرەمەندن زیاتر لە دنیای دیجیتاڵدا بایەخیان پێ دراوە، بەڵام بەشێکی یەکجار گەورە لە زمانەکان دەمێننەوە کە خاوەن سەرچاوەی پێویست نین. ئەو زمانانەی کە خاوەن سەرچاوەی زۆری زمانەوانین، توێژینەوەی بەرچاویان لەسەر دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بایەخیان پێ دەدرێت، پێیان دەگوترێت زمانی فرەسەرچاوە، بەو زمانانەش کە لە یەکێک یان چەند دانە لەو سەرچاوانەیان نییە دەگوترێت زمانی کەم سەرچاوە. ئەم دابەشکارییە تا ڕادەیەک گشتییە، بۆیە بە مەبەستی هەڵسەنگاندێکی وردبینانەتری دۆخی زمانەکان لە جیهانی دیجیتاڵدا زانکۆی تێگزاس داڵاس و ڕێکخراوی SIL پڕۆژەیەکی گشتگیریان بۆ هەڵسەنگاندنی سەرجەم زمانە دەستنیشانکراوەکانی دنیا لە جیهانی دیجیتاڵدا کردووە. هەڵسەنگاندنەکە بەپێی هەبوونی ئامراز و تەکنۆلۆژییەکانی پێواژۆی زمان لەم ئاستانەدایە:
- ناوەرۆک: بوونی ناوەرۆک لەسەر ئینتەرنێت وەک ویکیپیدیا، ماڵپەڕی هەواڵ، کتێبە ئایینییەکان
- ئینکۆدینگ: بوونی ئامراز بۆ نواندنی زمانەکە وەک تەختەکلیل و فۆنت
- ڕووکەش: بوونی ئامرازەکانی پێواژۆی ڕووکەشی زمان وەک هەڵەگری ڕێنووس، شیکاریی وشەسازی
- خۆماڵیکراو: بوونی نێوانەڕووی ناوچەیی وەک سیستمی کارپێکردن، وێبگەڕ و پلاتفۆرمە سەرەکییەکان وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو زمانانە
- واتاناسی: بوونی کەرەستەکانی پێواژۆی زمان لە ئاستی واتاناسیدا وەک وەرگێڕانی ماشین
- ئاخاوتن: بوونی ئامرازەکانی پێواژۆی دەنگ وەک ناسینەوەی ئاخاوتن و بەرهەمهێنانی ئاخاوتن
- یاریدەدەر: بوونی یاریدەدەری دیجیتاڵ یان (ئامادەیی بەرچاو لە مۆدێلە زمانییە گەورەکان)دا
بەپێی بوون و نەبوونی ئەو سیستم و کەرەستانەی ئاماژەیان پێ کرا، زمانەکانی دنیا دابەش دەکرێنە سەر پێنج پۆلی سەرەکی کە ئەوانیش بریتین لە:
- نائامادە: واتا زمانێک کە هیچ شتێکی لە جیهانی دیجیتاڵدا نییە.
- سەرهەڵدان: زمانێک کە تا ڕادەیەک ناوەرۆک (نووسراو)ی لەسەر ئینتەرنێت و وێب هەیە و ئامرازی سەرەتایی وەک تەختەکلیل و فۆنتی هەیە.
- هەڵکشان: زمانێک کە ئامرازی پێواژۆی ڕووکەشی زمانی هەیە، بۆ وێنە هەڵەگری ڕێنووسی هەیە. هەروەها ئەو زمانانەی کە لە سیستمێکی کارپێکردن یان پلاتفۆرمێکی گەورەی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەن (نێوانەڕووی بەکارهێنەری بەو زمانە هەیە).
- زیندوو: زمانێک کە لە لەو ئاستانەی سەرەوەدا ئامادەیی هەیە و سیستمەکانی وەرگێڕانی ماشین، ناسینەوەی ئاخاوتن یان بەرهەمهێنانی ئاخاوتنی هەیە.
- پێشەنگ: زمانێک کە سەرجەم ئەو تەکنۆلۆژی و ئامرازانەی سەرەوەی هەیە و جگە لەوەش یاریدەدەری دیجیتاڵی هەیە.
پاش دیاریکردنی ئەو پێنج پۆلە سەرەکییە، زمانەکانی جیهان خراونەتە یەکێک لەو پۆلانەوە. هەروەک لە بیچمی ٢دا دەبینن، ٣٠ تا ٥٠ زمان لە جیهاندا دەکەونە پۆلی زمانە پێشەنگەکان، کە زمانەکانی وەک ئینگلیزی، چینی، فەڕەنسی، و ئیسپانی چەند نموونە لەو زمانانەن. ١٥٠ تا ٢٠٠ زمان دەکەونە پۆلی زمانە زیندووەکان، ٢٠٠ تا ٣٠٠ زمان لە دۆخی هەڵشکاندان و ئامرازەکانی پێواژۆی ڕووکەشی زمانیان هەیە. ٢٥٠٠ تا ٣٥٠٠ زمان دەکەونە پۆلی ئەو زمانانەی کە تازە لە دنیای دیجیتاڵدا سەر هەڵدەدەن و زمانەکانی دیکەی دنیاش هیچ جۆرە ئامادەییەکیان لە دنیای دیجیتاڵدا نییە.
بیچمی ٢. ژمارەی (بەنزیکەیی) زمانەکان لە پێنج پۆلی سەرەکیی ئامادەیی لە جیهانی دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرددا
بە هۆی ئەوەی کە زمانی کوردی چەند زاری سەرەکی هەیە و دۆخی زارەکان هاوشێوە نییە، ئێمە دۆخی زمانی کوردیمان بەپێی زارەکان لە بیچمی ٣دا پیشان داوە. هەروەک لە بیچمی ٣دا دەبینن دوو زاری سەرەکیی زمانی کوردی لە ڕووی ژمارەی ئاخێوەران، واتا کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو، دەکەونە پۆلی زمانە زیندووەکان و لە ڕووی پلەبەندییەوە یەکێک لە دووسەد زمانی یەکەمی دنیا لە بواری دیجیتاڵدا ئەژمار دەبن. هەرچەند ئەو دوو زارە لە ئێستادا لە یەک پۆلدا دانراون بەڵام ژمارەی توێژینەوەکان و هەوڵەکان، بە تایبەت هەوڵە ناوچەییەکان، لەسەر کوردیی ناوەندی بەرچاوتر بووە لە کوردیی ژووروو. سێ زاری دیکەی کوردی، واتا کوردیی خوارین، کوردیی زازاکی، و کوردیی لەکی خراونەتە پۆلی هەڵکشان و کوردیی هەورامیش لە پۆلی ئەو زمانانەدایە کە لە دۆخی سەرهەڵدان یان لە دەرکەوتندایە. لە بەشی ٣.٥دا دێینەوە سەر ئەوەی کە چ تەکنۆلۆژییەک بۆ هەرکام لە زارەکانی کوردیی پەرە دراوە کە وای کردووە بەم شێوەیە پۆلێنبەندی بکرێن.
بیچمی ٣. پێگەی زارەکانی زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵدا (سەرچاوە ئێتنۆلۆگ)
٣. مێژینە
لەم ساڵانەی دواییدا توێژینەوەی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی ڕووی لە گەشە کردووە. بەشێکی بەرچاو لە هەوڵەکان لەلایەن توێژەرانی کورد لە پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات کراون. بە گشتی دەتوانین توێژینەوەکان لەسەر پەرەدانی سەرچاوەکانی زمان، پەرەدانی ئامراز و کەرەستەکان و هەروەها پەرەدانی سیستمەکان پۆلێنبەندی بکەین. هەرکام لەو سێ پۆلە سەرەکییە گرینگیی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە شێوازێک ئامادەبوونی زمانی کوردی لە ژیریی دەستکرددا بەرجەستە دەکەن.
٣.١ سەرچاوەکانی ئاخاوتن بۆ زمانی کوردی
لەم بەشەدا پێداچوونەوەیەکی خێرا بۆ بەرچاوترین هەوڵەکان دەکەین کە لە ژورناڵ و کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکاندا پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و بڵاو کراونەتەوە. لە توێژینەوەیەکدا وەیسی و هاوکاران یەکەم کۆرپسی ناسینەوەی ئاخاوتن بە ناوی کۆرپسی ئاخاوتنی ئاسۆسافت بۆ زمانی کوردیی ناوەندی و یەکەم سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن دەناسێنن (Veisi, et al. 2021). لەو وتارەدا چەندین سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن تاقی کراونەتەوە. هەمان کۆرپسی دەنگ لە توێژینەوەیەکی تردا بە کار هێنراوە (Abdullah, & Veisi. 2022). هەردووک توێژینەوەکە ئەنجامی بەرچاو لە ناسینەوەی ئاخاوتن بۆ زمانی کوردی پێشکەش دەکەن. ئەحمەدی و هاوکاران (2024) کۆرپسێکی ئاخاوتن بە ناوی کۆردی بۆ ناسینەوەی ئاخاوتنی بنزارەکانی کوردیی ناوەندی دەناسێنن (Ahmadi et. al, 2024). ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوە بۆ سیستمێکی ڕاستەقینەی ناسینەوەی ئاخاوتن بەرچاو نین و پێویستە لەو ئاراستە ڕوونکاری و توێژینەوەی زیاتر بکرێت. کۆمن ڤۆیس، داتایەکی کراوەیە بۆ ناسینەوەی ئاخاوتن و تاکوو ئێستا لەم پڕۆژەدا بۆ سێ زاراوەی کوردی داتا کۆ کراوەتەوە کە بڕی داتاکان بەم شێوەیە: کوردیی ناوەندی ١٨٠ کاتژمێر، کوردیی ژووروو ٧٠ کاتژمێر و کوردیی زازاکی ١ کاتژمێر (Ardila et. al). شایەنی ئاماژەیە بۆ هەردوو زاراوەی کوردیی ژووروو و زازاکی تەنیا داتای بڵاوکراوەی ناسینەوەی ئاخاوتن بە شێوەی گشتی بریتییە لە کۆمن ڤۆیس. تاکوو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەتی هەڵسەنگێنراو بۆ پێواژۆی ئاخاوتنی کوردیی خواروو و کوردیی هەورامی بڵاو نەکراوتەوە.
لە بواری گۆڕینی دەق بۆ دەنگ، سابات و هاوکاران کۆرپسێکی گۆڕینی دەقی کوردیی ناوەندی بۆ دەنگیان بۆ یەک بێژەری خاتوون پەرە داوە و ئەنجامی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆرپسەیان بڵاو کردۆتەوە بەڵام خودی کۆرپسەکە بە شێوەی گشتی بەردەست نییە (Sabat et al, 2024). گیگانێت داتایەکی تری گۆڕینی دەق بۆ دەنگە کە بڕی ١٣ کاتژمێر دەنگی تۆمارکراوی یەک ئاخێوەری پیاوی لە خۆ گرتووە (Ahamd and Rashid 2024). تاکوو ئێستا لەسەر ئەو داتایە هەڵسەنگاندنێک بڵاو نەکراوەتەوە.
لە پەیوەندی بە وەرگێڕانی دەنگیش تاکوو ئێستا چەند کار کراون. فلۆرز داتایەکە کە نزیک سێزدە کاتژمێر دەنگی کوردیی ناوەندی بۆ سەد زمان و لە سەد زمان بۆ کوردی ناوەندی لە خۆ دەگرێت. ئەم داتایە لە لایەن کۆمپانیای مێتا بۆ سەد زمان پەرە دراوە (Conneau et al 2022). هەروەها کوتێد داتایەکی ترە کە 170 کاتژمێر دەنگی ئینگلیزی لەگەڵ دەقەکەی و هاوتا کوردییەکەی لە خۆ دەگرێت و بۆ مەبەستی وەرگێڕانی دەنگی ئینگلیزی بۆ دەقی کوردی دەکرێت بە کار بهێنرێت (Mohammadamini et al 20205c). کوڤۆست کۆرپسێکی نوێی وەرگێڕانی ئاخاوتنە کە ١٠٠٣ کاتژمێر داتای وەرگێڕانی ئاخاوتن لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردیی ناوەندی لە خۆ دەگرێت (Mohammadamini et al 2025b). لە توێژینەوەیەکی نوێدا، ٤٣٠٠ کاتژمێر داتای دەنگیی خاو پەراوێزنووسی کراوە و وەرگێردراوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی (Mohammadamini et al 2025a).
٣.٢ سەرچاوەکانی دەق بۆ زمانی کوردی
ئیسماعیلی و هاوکاران داتایەکی دەقی خاویان بە ناوی پێوان بۆ وەرگرتنەوەی زانیاری لە سەرچاوەکانی سەر وێب کۆ کردووەتەوە. ئەم کۆمەڵە دەقە بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمەکانی وەرگرتنەوەی زانیاری بۆ هەردوو زاراوەی کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو داڕێژراوە(Esmaeili et al, 2013). وەیسی و هاوکاران (2020)، یەکەم کۆرپسی قەبارە گەورەی دەقیان بە ناوی کۆرپسی دەقی ئاسۆسافت بۆ زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە (Veisi, Mohammadamini, Hoseini. 2021). ئەم کۆرپسە ١٨٦ ملیۆن وشەی کوردیی ناوەندی لە خۆ دەگرێت و زیاتر لە پەرتووکەکان و وێب کۆ کراوەتەوە. ئەم کۆرپسە بۆ کەڵکی جیاجیا وەک پۆلێنکردنی ئۆتۆماتیکی دەق و ڕاهێنانی مۆدێلی زمانی کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
لە بواری سەرچاوەکانی وەرگێڕانی دەق بۆ دەق چەند هەوڵی بەنرخ دراون، کۆرپسی هاوتا لەخۆگری زیاتر لە دوو سەد هەزار ڕستەی هاوتای ئینگلیزی-کوردییە (Amini et al, 2021). لە توێژینەوەیەکی نوێدا کۆرپسێکی تر سەرووی دووسەد هەزار ڕستەی هاوتای لە خۆ گرتووە کە (Mohammadamini et al, 2025a) وەک بەشێک لە پایپلاینێکی وەرگێڕانی ئاخاوتن کەڵکی لێ وەرگیراوە. هەروەها کوڤۆست کۆرپسێکی گەورەی وەرگێڕانی ئاخاوتنە کە ٢٤٠،٠٠٠ ڕستەی هاوتای لە نێوان زمانی کوردی و پازدە زمانی دیکە تێدایە (Mohammadamini et. al 2025b). کوتێد کۆرپسێکی دیکەی وەرگێڕانی دەق و ئاخاوتنە کە ٩٢،٠٠٠ ڕستەی ئینگلیزی بە کوردی تێدایە، ئەم کۆرپسە لە ژێرنووسی تێد وەرگیراوە (Mohammadamini et al, 2025c). هەروەها لە (Ahmadi et al 2021)دا سەرووی ١٢،٠٠٠ ڕستەی هاوتا لە نێوان کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروودا ئامادە کراوە.
٣.٣ ئامرازەکان
ئامادەکردنی زمانێک لە جیهانی دیجیتاڵدا بە کۆکردنەوەی داتا سنووردار نابێت، بەڵکوو پێویستمان بە ژمارەیەکی بەرچاو ئامراز و کەرەستەی پێواژۆی زمان هەیە. لە ئامرازە بەرچاو و سەرەکییەکانی پێواژۆی زمان دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: نۆرماڵساز، دابەشکار، پارسێری مۆرفۆلۆژیکی، پارسێری ڕستەسازی، پارسێری واتاناسی و هتد (Jurafsky and Martin, 2009). لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم ئامرازانە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەکارهێنەرەوە کەڵکیان لێ وەرناگیرێت، بەڵام لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی سیستمێکی پێواژۆی زماندا، بۆ نموونە وەرگێڕانی دەق یان ناسینەوەی ئاخاوتن، پێویستمان بەم ئامرازانە دەبێت. لە بەرچاوترین ئەو ئامرازانەی تاکوو ئێستا پەرە دراون دەتوانین ئاماژە بە نۆرماڵسازی ئاسۆسۆفت بکەین (Mahmudi et al 2021). نۆرماڵساز بۆ یەکخستن و ستانداردکردنی گشتیی دەق لە ڕووی کیبۆرد و نووسەکان، ژمارەکان، ڕێکەوتەکان، هێماکانی خاڵبەندی، و هەڵە سیستماتیک و باوەکان بە کار دێت. یەکێک لە ئامرازە بەنرخە پەرەدرواەکان بۆ زمانی کوردی گۆڕینی شێوەی نووسین بە شێوەی فۆنۆتیکییە و بەو ئامرازە دەگوترێت گۆڕەری گرافیم بۆ فۆنیم. لە توێژینەوەیەکدا (Mahmudi and Veisi 2022) ئەم ئامرازەیان بۆ کوردیی ناوەندی پەرە داوە. شیکاری مۆرفۆلۆژیکی وشەکان دابەش دەکات بۆ سەر مۆرفیمە پێکهێنەرەکان و دیاری دەکات کە بەپێی ڕێسا پێناسەکراوەکانی مۆرفۆلۆژیی زمانێک وشەیەک چۆن شیکاری دەکرێت. شیکاری مۆرفۆلۆژیکیی ئاسۆسافت ئامرازێکی دیکەیە کە لەلایەن گرووپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسافتەوە بەرهەم هاتووە (2021 Naserzadeh et al). لە توێژینەوەیەکی دیکەدا شیکارێکی ڕستەسازی بۆ کوردیی ژووروو پەرە دراوە (Morad et al 2024).
٣.٤ سیستمەکان
لەم بەشەدا ئەو بەرهەم و پلاتفۆرمانە بەسەر دەکەینەوە کە لە بواری ژیریی دەستکرددا بۆ زمانی کوردی بەردەست خراون:
پلاتفۆرمی ژیریی دەستکرد: ژیریی دەستکرد پلاتفۆرمێکی گشتگیری پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی دەنگە بۆ سەرجەم زارەکانی کوردی کە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراوە. تاکوو ئێستا لەم پلاتفۆرمەدا دوو تەکنۆلۆژیی سەرەکیی وەرگێڕانی ئاخاوتن و ناسینەوەی ئاخاوتن بۆ زمانی کوردی پەرە دراون. لەسەر بنەمای ئەم دوو تەکنۆلۆژییە، تایپی ڕاستەوخۆ، وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی دەنگ، ژێرنووسی کوردی و ئینگلیزی بۆ دەنگ و ڤیدیۆی کوردی و هەروەها گۆڕینی پەڕگەی کوردی بۆ دەقی کوردی پەرە دراون. بە هەمان شێوە بۆ کوردیی ژووروو ناسینەوەی ئاخاوتن و ژێرنووسی کوردیی ژووروو بۆ دەنگ و ڤیدیۆ پەرە دراوە.
ئاسۆسافت: ئاسۆسافت گرووپێکی پەرەدان و توێژینەوەیە کە ئامانجی دابینکردنی سەرچاوە و ئامرازەکان بۆ زمانی کوردییە. ئاسۆسافت لە چوارچێوەی بۆتێکی تێلێگرامدا ناسینەوەی ئاخاوتن و گۆڕینی دەق بۆ دەنگی پەرە داوە. هەروەها لە چوارچێوەی ماڵپەڕێکدا هەڵەگری ڕێنووسی دابین کردووە.
مێتا: کۆمپانیای مێتا لە چەند مۆدێل و توێژینەوەی سەرەکیدا کوردی لەبەر چاو گرتووە. ئێم ئێم ئێس، پڕۆژەی تەکنۆلۆژییەکانی دەنگ بۆ هەزار زمانە کە هەردوو زاری کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو لە خۆ دەگرێت. بۆ کوردیی ژووروو هەردوو بەشی ناسینەوەی ئاخاوتن و بەرهەمهێنانی ئاخاوتنی هەیە. بۆ کوردیی ناوەندی تەنیا ناسینەوەی ئاخاوتنی هەیە (Partap et al, 2023). سیملێس گەورەترین و بەرچاوترین پڕۆژەی هەنووکەی پێواژۆی دەنگە کە کۆمەڵێک مۆدێلە بۆ ناسینەوەی ئاخاوتن، وەرگێڕانی ئاخاوتن و بەرهەمهێنانی ئاخاوتن. لە سیملێسدا وەرگێڕانی ئاخاوتن لە دەنگی ئینگلیزی بۆ دەقی کوردیی ناوەندی و پێچەوانەی، هەروەها ناسینەوەی ئاخاوتنی کوردیی ناوەندی هەیە (SEAMLESS Communication Team , 2025). ئێن ئێڵ ئێڵ بی، پڕۆژەیەکی سەرچاوە کراوەی وەرگێڕانی دەق لە نێوان دووسەد زماندایە کە هەردووکی کوردیی ناوەندی و ژوورووی تێدایە (NLLB Team, 2022). هەرچەند سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن و وەرگێڕانی ئاخاوتن لەم پڕۆژە سەرچاوەکراوانەدا لە ئاستێکدا نین کە ڕاستەوخۆ بە کار بهێنرێن و پێویستیان بە باشترکردنە، بەڵام سیستمەکانی وەرگێڕانی دەق بە تایبەت لە کوردی بۆ ئینگلیزی هاوشانی باشترین سیستمەکانی وەرگێڕانی دەقن کە تاکوو ئێستا بۆ کوردیی ناوەندی پەرە دراون (Mohammadamini, et al, 2025).
گوگڵ و مایکرۆسۆفت: سیستمی وەرگێڕانی گوگڵ ترانسلەیشن و مایکرۆسۆفت بینگ، دوو سیستمی دیکەی وەرگێڕانی دەق بۆ دەقی کوردین، بە هۆی ئەوەی کە ئەم سیستمانە بەتەواوەتی بەرهەمی بازرگانین و هیچ توێژینەوەیەکیان لەسەر نییە، لێرەدا ناتوانین زانیاریی زیاتر لەسەریان بدەین.
مۆدێلە زمانییەکان: دوایین وەچەی ژیریی دەستکرد مۆدێلە زمانییە گەورەکانن. مۆدێلە زمانییە گەورەکان لەسەر بڕێکی یەکجار گەورە داتای دەق ڕادەهێنرێن. ئامانجی ئەم مۆدێلە زمانییانە بەرهەمهێنانی دەقە و هەر کارێک کە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی دەق بێت لەلایەن مۆدێلی زمانییەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەو کارە دەتوانێت وەرگێڕان بێت، کورتکردنەوەی دەق بێت، نووسینی چیرۆک و هەڵبەست یان هەر کارێکی دیکەی پەیوەندیدار و گرێدراو بە دەق بێت. لە ڕوانگەیەکی گشتیدا بەشی زۆری خەڵک تەنیا مۆدێلە زمانییەکان وەک ژیریی دەستکرد ئەژمار و ناوزەد دەکەن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قورسایی و بایەخی ئەو مۆدێلانە لە بواری ژیریی دەستکرددا. هەر بۆیە خەڵک چاوەڕوانن کە زمانی کوردی لەم سیستمانەدا بەباشی ئامادەیی بێت. بەڵام بە داخەوە بە هۆی بەربەستە سیاسییەکانی بەردەم زمانی کوردی لە بەشی هەرە گەورەی کوردستان و بەکارهاتنی بە شێوەی کۆنترۆڵکراو، سەرچاوەکانی زمانی کوردی لە ڕووی قەبارە و فرەچەشنایەتی زۆر سنووردارن. هەر ئەمەش وای کردووە کە زمانی کوردی لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا ئامادەییەکی ئەوتۆی نەبێت. هەروەها بە هۆی نوێبوونی بابەتەکە توێژینەوەیەکی ناوچەیی ئەوتۆ لەسەر ئەم مۆدێلانە نەکراوە. چەت جی پی تی، دیپ سیک، گرۆک و کلاودێ چەند نموونە لەم مۆدێلە زمانییانەن. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی سەر ئەم مۆدێلە زمانییانە زیاتر بایەخیان بە لایەنی تیۆریک و تاقیکارییەکان لەسەر کۆمەڵێک داتای تاقیکردنەوەی ستاندارد بە تایبەت بە زمانی ئینگلیزی داوە، بۆیە ئەنجامێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە کە کارایی ئەم مۆدێلانەی بۆ زمانی کوردی پێ شرۆڤە بکەین و لەم ڕووەوە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت (OpenAI 2023).
٤. باسە هەنووکەییە گرینگەکان
بەپێی ئەو هەوڵانەی بەسەرمان کردنەوە، لەم بەشەدا خشتەیەک لە تەکنۆلۆژییە پەرەدراوەکان بەپێی هەرکام لە زارەکانی کوردی دەخەینە ڕوو. ئەم خشتە یارمەتیمان دەدات کە پۆلی دیاریکراوی هەر کام لە زارەکانی زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵدا باش تێبگەین کە لە بەشی 2دا باس کرا. هەروەک لە خشتەی 1دا دەبینن سەرجەم زارەکانی زمانی کوردی نووسراوە، فۆنت و تەختەکلیلیان هەیە. هەر بەم هۆکارە سەرجەم بەشەکانی زمانی کوردی لە پۆلی نائامادە دێنە دەرەوە. تەنیا دوو زاری کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو یەکێک یان چەند دانە لە ئامرازەکانی پێواژۆی ڕووکەشانەی زمانیان هەیە. وەک نموونە کوردیی ناوەندی ئامرازەکانی شیکاریی وشەسازی و هەڵەگری ڕێنووسی هەیە. هەروەها کۆمەڵێک توێژینەوە لەم بوارەدا لەسەر کوردیی ژووروو بڵاو کراونەتەوە بەڵام بۆ زارەکانی دیکە لەم بوارەدا هیچ شتێکی بەرچاو نەکراوە. بۆ وەرگێڕان چەند سیستمی بازرگانی وەک گوگل و مایکرۆسۆفت و هەروەها چەند مۆدێلی زمانی وەک جێمنای و کلاودێ پشتیوانی لە کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو دەکەن. هەر ئەمەش وا دەکات کە ئەو دوو لقەی زمانی کوردی لە پۆلی زمانە زیندووەکانی جیهان ئەژمار بکرێن. هەروەها لە ئاستی ناوچەییدا بۆ ئەو دوو زارەی کوردیی ناوەندی پێشکەوتنی بەرچاو لە بوارەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن، وەرگێڕانی ئاخاوتن و گۆڕینی دەق بۆ ئاخاوتن بەدی هاتووە. هەردوو زارە سەرەکییەکەی زمانی کوردیش لە مۆدێلە زمانییەکاندا تا ڕادەیەک ئامادییان هەیە، هەرچەند سنوورداریش بێت. کۆمەڵێک هەوڵ و توێژینەوە بۆ پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی دەنگ و هەروەها وەرگێڕان بۆ زارەکانی دیکەی زمانی کوردی دەستیان پێ کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەنجامێکی بەرچاو و سیستمێکی پراکتیکی لەبەر دەستی بەکارهێنەرانی ئەو زارانەدا نییە.
تەکنۆلۆژی | ناوەندی | ژووروو | خوارین | هەورامی | زازاکی | لەکی |
---|---|---|---|---|---|---|
فۆنت، نووسراوە، تەختەکلیل | ✔️ | ✔️ | ✔️ | ✔️ | ✔️ | ✔️ |
شیکاریی وشەسازی، هەڵەگری ڕێنووس | ✔️ | ✔️ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ |
شیکاریی واتایی، وەرگێڕان | ✔️ | ✔️ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ |
ناسینەوەی دەنگ، گۆڕینی دەنگ بۆ دەق | ✔️ | ✔️ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ |
وەرگێڕانی دەنگ، یاریدەدەری دەنگ | ✔️ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ |
مۆدێلی زمانیی گەورە | ✔️ | ✔️ | ❌ | ❌ | ❌ | ❌ |
خشتەی ١. پوختەی تەکنۆلۆژییە سەرەکییە بەرهەمهاتووەکان بەپێی زارە جیاجیاکانی کوردی
٥. بەربەستەکان
هەروەک لە بەشی ٢دا بە کورتی ئاماژەمان پێ کرد بەپێی هەبوون یان نەبوونی سەرچاوە جیاجیاکانی زمان، زمانەکان دەخرێنە دوو پۆلی سەرەکیی زمانی کەم-سەرچاوە یان زمانی فرەسەرچاوە. ئەگەر سەرچڵی قسە بکەین، سەرجەم لقەکانی زمانی کوردی زمانی کەم-سەرچاوە ئەژمار دەکرێن و تاکوو ئێستا لە هیچ توێژینەوەیەکدا نەمدیتووە کە کوردی، تەنانەت کوردیی ناوەندیش کە دۆخی باشترە، خرابێتە پۆلی زمانی فرەسەرچاوە. بۆ پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان و پێواژۆی زمانی سروشتی چەند چەشن سەرچاوەی جیاجیا پێویستن. لێرەدا سنووردارییەکانی هەرکام لەو سەرچاوانە بۆ زمانی کوردی باس دەکەین:
سەرچاوەی زمانی: هەرچەند کۆمەڵێک هەوڵی بەنرخ بۆ پەرەدانی سەرچاوەکانی زمان بۆ کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو دراون بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆرتر سەرچاوەی زمانی پێویستن. هەروەها پێویستە لەم ڕووەوە بایەخی تایبەت بە زارەکانی دیکەی زمانی کوردیش بدرێت. نەبوونی خوێندن بە زمانی کوردی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەشێکی ڕۆژاوای کوردستان، هەروەها نەخوێندنی بوارەکانی ئەندازیاری و زانست لە زانکۆکانی هەرێمدا بە زمانی کوردی، بەربەستێکی پێکهاتەیی بۆ زمانی کوردی دروست کردووە و زمانەکەی لە کۆمەڵێک بەرهەم و بابەتی بەرتەسکدا قەتیس کردووە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لەسەر کوالیتیی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی داناوە. بۆ چارەسەری ئەم پرسە پێویستە سەرچاوەی زمانیی جێمتمانە و فرەبوار لەسەر وێب بۆ کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروو وەک زانستنامەکان، بلۆگ و ماڵپەڕی بوارە جیاجیاکانی زانست بڵاو بکرێتەوە.
- سەرچاوەی مادی: بەربەستێکی بەرچاوی بەردەم گەشەی زیاتری تەکنۆلۆژییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی سەرچاوەی مادییە بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی زمان و سەرچاوەکانی ژمێرکاری، پەرەدانی مۆدێل و ئامرازەکان و ڕاگرتنی پڕۆژەکان.
- سەرچاوەی ژمێرکاری: بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی مادیی پێویست، ڕاژەکار و سەرچاوەی ژمێرکاریی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی دابین ناکرێت و ئەوەش دەتوانێت بەربەست ساز بکات.
- مۆدێلی سەرچاوەکراوە: بەشی بەرچاو لە مۆدێلە باشەکان کە ئەنجامی سەرنجڕاکێشیان لەسەر ڕیپۆرت کراوە سەرچاوەکراوە نین.
- توێژەر و توێژینەوەی تەرخانکراو: ژمارەی ئەو توێژەرانەی لەسەر ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی کار دەکەن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت و ئەوەش خێرایی گەشەسەندن لەم بوارەدا هێواشتر دەکاتەوە.
- دینامیزمی کۆمەڵایەتی: فەرمینەنبوونی زمانی کوردی و سنوورداریی سیاسی، بەکارنەهاتنی زمانی کوردی بۆ ئابووری و بازاڕ، دابەشبوونی ئاخێوەران بەسەر چەندین زاراوەدا وای کردووە کە خێرایی بەرهەمهاتنی سەرچاوەکانی زمان زۆر کەم ببێتەوە و ئەوەش پێشڤەچوونی زمانی کوردی لە ژیریی دەستکرددا سنووردار دەکات.
٦. دەرەنجام
لەم وتارەدا پێناسەیەکی خێرای پێواژۆی زمانی سروشتیمان کرد و پێگەکەیمان لە بواری ژیریی دەستکرددا دیاری کرد. پاشان پێوانەی پۆلێنی زمانەکانمان لە جیهانی دیجیتاڵدا خستە ڕوو و پێگەی زارەکانی زمانی کوردیمان بەپێی ئاستی ئامادەییان لە جیهانی دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرددا دیاری کرد. پاشان هەوڵە بەرچاوەکانی توێژینەوە و پەرەدانی زمانی کوردیمان لە بواری ژیریی دەستکرددا باس کرد. بۆ ئەم مەبەستە کارە بەرچاوەکانمان لە سێ بواری سەرچاوەکانی زمان، ئامرازەکان و سیستمەکان بەسەر کردنەوە. لە کۆتاییدا بۆشاییەکانی هەنووکەی زمانی کوردیمان بەپێی زارەکان باس کرد. لە کۆتاییدا بەربەستە سەرەکییەکان وەک سەرجاوەی زمانی، سەرچاوەی مادی، سەرچاوەی ژمێرکاری، کەمیی توێژەر و دینامیزمی کۆمەڵایەتیمان دیاری کران. بە هیوای ئەوەی کە ئەم وتارە یارمەتیدەری توێژەرانی بواری ژیریی دەستکرد لەسەر زمانی کوردی بێت و توانیبێتمان بە دیاریکردنی بۆشاییەکانی هەنووکە ئاراستەی توێژینەوە پێویستەکان دیاری بکەین.
سەرچاوەکان:
Hadi Veisi, Mohammad MohammadAmini, Hawre Hosseini, Toward Kurdish language processing: Experiments in collecting and processing the AsoSoft text corpus, Digital Scholarship in the Humanities, Volume 35, Issue 1, April 2020, Pages 176–193, https://doi.org/10.1093/llc/fqy074
Abdullah, A., & Veisi, H. (2022). Central Kurdish automatic speech recognition using deep learning. مجلة جامعة الأنبار للعلوم الصرفة, 16(2), 108–118.
Sina Ahmadi, Daban Jaff, Md Mahfuz Ibn Alam, and Antonios Anastasopoulos. 2024. Language and Speech Technology for Central Kurdish Varieties. In Proceedings of the 2024 Joint International Conference on Computational Linguistics, Language Resources and Evaluation (LREC-COLING 2024), pages 10034–10045, Torino, Italia. ELRA and ICCL.
Rosana Ardila, Megan Branson, Kelly Davis, Michael Kohler, Josh Meyer, Michael Henretty, Reuben Morais, Lindsay Saunders, Francis Tyers, and Gregor Weber. 2020. Common Voice: A Massively-Multilingual Speech Corpus. In Proceedings of the Twelfth Language Resources and Evaluation Conference, pages 4218–4222, Marseille, France. European Language Resources Association.
Sabat Salih Muhamad, Hadi Veisi, Aso Mahmudi, Abdulhady Abas Abdullah, Farhad Rahimi, Kurdish end-to-end speech synthesis using deep neural networks, Natural Language Processing Journal, Volume 8, 2024, 100096, ISSN 2949-7191, https://doi.org/10.1016/j.nlp.2024.100096.
Pratap, V., Tjandra, A., Shi, B., Tomasello, P., Babu, A., Kundu, S., Elkahky, A., Ni, Z., Vyas, A., Fazel-Zarandi, M., Baevski, A., Adi, Y., Zhang, X., Hsu, W.-N., Conneau, A., & Auli, M. (2023). Scaling Speech Technology to 1,000+ Languages. arXiv preprint arXiv:2305.13516. Retrieved from https://arxiv.org/abs/2305.13516
SEAMLESS Communication Team. Joint speech and text machine translation for up to 100 languages. Nature 637, 587–593 (2025). https://doi.org/10.1038/s41586-024-08359-z
NLLB Team, Costa-jussà, M. R., Cross, J., Çelebi, O., Elbayad, M., Heafield, K., Heffernan, K., Kalbassi, E., Lam, J., Licht, D., Maillard, J., Sun, A., Wang, S., Wenzek, G., Youngblood, A., Akula, B., Barrault, L., Mejia Gonzalez, G., Hansanti, P., Hoffman, J., ... Schwenk, H., Wang, J. (2022). No Language Left Behind: Scaling Human-Centered Machine Translation. arXiv preprint arXiv:2207.04672. Retrieved from https://arxiv.org/abs/2207.04672
Mohammad Mohammadamini, Aghilas Sini, Marie Tahon, Antoine Laurent. Scaling Pseudo-labeling for low-resource speech to text translation, Interspeech 2025a.
Mohammad Mohammadamini, Daban Jaff, Sara Jamal, Ibrahim Ahmed, Hawkar Omar, Darya Sabr, Marie Tahon and Antoine Laurent. Kuvost: A Large-Scale Human-Annotated English to Central Kurdish Speech Translation Dataset Driven from English Common Voice, IWSLT 2025b.
Mohammad Mohammadamini, Daban Jaff, Josep Crego and Antoine Laurent.Central Kurdish Speech Translation: Corpus Creation, Evaluation, and Orthographic Standardization, 2025c.
Russell, Sturat. 1., Norvig, Peter. (2010). Artificial intelligence: a modern approach. 3rd ed. Prentice Hall.
D. Jurafsky, and J. Martin.Speech and language processing : an introduction to natural language processing, computational linguistics, and speech recognition Pearson Prentice Hall, Upper Saddle River, N.J., (2009)
Esmaili, Kyumars Sheykh, Donya Eliassi, Shahin Salavati, Purya Aliabadi, Asrin Mohammadi, Somayeh Yosefi, and Shownem Hakimi. Building a test collection for Sorani Kurdish. In 2013 ACS International Conference on Computer Systems and Applications (AICCSA)
Conneau, Alexis, Susan Zhang, Armen Aghajanyan, Edouard Grave, Myle Ott, Luke Zettlemoyer, and Veselin Stoyanov. FLEURS: Few-shot Learning Evaluation of Universal Representations of Speech. Meta AI, 2022. Available at: https://github.com/facebookresearch/fleurs
Peshmerge Morad, Sina Ahmadi, and Lorenzo Gatti. 2024. Part-of-Speech Tagging for Northern Kurdish. In Proceedings of the Joint Workshop on Multiword Expressions and Universal Dependencies (MWE-UD) @ LREC-COLING 2024, pages 70–80, Torino, Italia. ELRA and ICCL.
Ahmad, H. A., & Rashid, T. A. (2024). Gigant-KTTS dataset: Towards building an extensive gigant dataset for Kurdish text-to-speech systems. Data in brief, 55, 110753. https://doi.org/10.1016/j.dib.2024.110753
OpenAI. GPT-4 Technical Report. arXiv preprint arXiv:2303.08774, 2023. https://arxiv.org/abs/2303.08774.
Sina Ahmadi, Hossein Hassani, and Daban Q. Jaff. 2022. Leveraging Multilingual News Websites for Building a Kurdish Parallel Corpus. ACM Trans. Asian Low-Resour. Lang. Inf. Process. 21, 5, Article 99 (September 2022), 11 pages. https://doi.org/10.1145/3511806
Mahmudi, A., & Veisi, H. (2021). Automated grapheme-to-phoneme conversion for Central Kurdish based on optimality theory. Computer Speech & Language, 70, 101222. https://doi.org/10.1016/j.csl.2021.101222
Naserzade, M., Mahmudi, A., Veisi, H., Hosseini, H., & MohammadAmini, M. (2023). CKMorph: A comprehensive morphological analyzer for Central Kurdish. International Journal of Digital Humanities
A Mahmudi, H Veisi, M MohammadAmini, H Hosseini, Automated Kurdish Text Normalization, The Second International Conference on Kurdish and Persian Languages and Literature, 2019, Sanandaj, Kurdistan.